پێنج ڕێگەی کاریگەر بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی لە کاتی کارکردن لە ماڵەوە.

لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کارکردنت لە ماڵەوە دوور لە ئۆفیس، ئاسان نییە خۆت بە دوور بگریت لە سەرقاڵ بوون! بە چەند ڕێگەیەکی ئاسان باشتر و چالاکتر دەتوانیت کارەکانت جێبەجێ دەکەیت

نوسینی: ئەڤین قادر خیلان/ بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای کلیک عێراق. ١٤/٠٣/٢٠٢٠

لە ئێستادا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی نەرێنی خستۆتە سەر هەموو جیهان. جیا بە جیا لە سەرانسەری جیهاندا کۆمپانیا و دامودەزگا حکومی و ئەهلییەکان، داوا لە کارمەندەکانیان دەکەن لە ماڵەوە بمێننەوە، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە کارەکانیان ڕاپەرێنن. ئەم دۆخە بۆ هەموو لایەک دۆخێکی سەختە و رۆتینێکی نوێیە بۆ زۆر کەس. لە کوردستانیش خاوەنکار و دەزگا حکومییەکان لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و پابەندبونیان بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی تەندروستی، لە هەفتەی ڕابردووەوە مۆڵەتی کارمەندەکانیان داوە لە ماڵەوە کار بکەن
لێرەدا کارمەندانی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە داوایان لێکراوە کە هەروەک ڕۆژانی ئاسایی دەوام چالاک و بەرهەمداربن. لە کاتێکدا چوست و چالاک بوون لەماڵەوە لەپاڵ جەنجاڵی و دەنگە دەنگی ناو ماڵ و خێزان، هەوڵێکی زیاتری دەوێت و فشارێکی زیاتر دروست دەکات.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش چەند ستراتیژێک هەن کە هاوکارت دەبن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانت بە باشترین شێوە. لە نوسینەکانی خوارەوەدا زیاتر بەرچاو ڕوون دەبیت لەوەی چی بکەیت بۆ بەرهەداربوونت لەم بارودۆخەدا.

  1. جێبەجێکردنی ڕۆتینی ڕۆژانە

    دەست پێکردن بە کارکردن بەهەمان شێوەی رۆژانی ئاسایی، وەک هەستان لە خەو لە کاتی خۆی، ئامادەکردن و خواردنی ژەمی بەیانیان، کە وزەیەکی تەواوت دەداتێ بۆ دەست پێکردن بە ڕۆژەکەت. دەتوانیت جلە خەوەکانت بگۆڕیت و لە پاش نان خواردن کوپێک قاوە یان چایەک بهێنیت بۆ دەست کردن بە کارەکەت.

  2. دابین کردنی شوێن

    هەرچەندە لە کاتی مانەوەمان لە ماڵەوە ، مانەوە لەناو جێگە یان درێژبوون لەسەر قەنەفەکان یەکێکە لە ڕۆتینە باوەکان، بەڵام ئەو کەسانەی لە ماڵەوە بە شێوازێکی کارامەییانە کاردەکەن شوێنێک بۆ کارکردنیان هەڵدەبژێرن. خۆ ئەگەر شوێنی تایبەتی کارکردنت نەبوو مێزی نان خواردنەکەتان بەکاربهێنە. ئەم رێگەیەش جگە لەوەی ئەو هەستەت دەداتێ کە لەسەر مێزی ئۆفیسەکەت بیت بە هەمان شێوە دوورت دەخاتەوە لە چەمینەوە و سەرقاڵ بوون. هەروەها لەگەڵ کۆتایی هاتنی کاتی دەوامت دەتوانیت کورسی و مێزەکەت بە جێ بهێڵیت وەک ئەوەی شوێنی کارەکەت بەجێ هێشتبێت.

  3. پاراستنی تەندروستی

    گرنگیدان بە تەندروستی خۆت لە ئێستادا چەند هێندەی جارانیتر پێویستە. لەبەر ئەوە مانەوەی زۆر لەسەر کورسییەکەت بیرۆکەیەکی باش نییە و لە مەودایەکی درێژخایەندا زیان بە تەندروستیت دەگەیەنێت. لەکاتی کارکردنت هەوڵ بدە جاروبار پشوو وەربگریت و کورسی کارکردنەکەت بۆ حەوانەوەیەکی کورت بە جێ بهێڵێت. هەوڵ بدە لەماڵەوە وەرزش بکەیت یاخود بۆ ئامادەکردنی قاپێک میوە یان خواردنەوەیەکی گەرم تاکوو چێشتخانەکە بڕۆیت و خۆت بۆخۆتی ئامادە بکەیت. هەروەها دەتوانیت لە کاتی پشووی نانی نیوەڕۆ ئەگەر لە گەڕەکێکی قەرەباڵغ ناژیت پیاسەیەک بکەیت بەناو کۆڵان یان باخچەکەتاندا.
    دوور نییە لەم بارودۆخەدا بەهۆی زۆر مانەوەت لە ماڵەوە هەست بە تەنیایی و بێزاری بکەیت. لە کاتی کارکردنتدا کردنەوەی پەنجەرەکان بە کراوەیی هاوکاری ئاڵوگۆڕی هەوا دەکات و هەستێکی ئەرێنیش بە مرۆڤ دەدات. هەربۆیە پەنجەرەکان لە کاتی پێویست بە کراوەیی بە جێبهێڵە.

  4. مۆڵتیتاسک/ فرەکاری

    لەوانەیە ئەم دەرفەتە بە کاتێکی گونجاو ببینیت بۆ پاککردنەوەی ناو ماڵ و مۆڵتی تاسکینگ بکەیت. بەڵام کار کردن لەماڵەوە بەو مانایە نایەت کە پاککردنەوەی ناو ماڵ و ئەرکەکانی تر پێش پیشەکەت بخەیت. وەرگرتنی پشوو مافی هەمووانە بەڵام ڕێگەمەدە ئەرکەکانی ناو ماڵ کار بکات لە کارامەیی لە پیشەکەتدا. وای دابنێ لە ماڵەوە نیت یاخود وەک کاتی ئاسایی دەوام لە دوای تەواو بوونی کار ئەرکەکانی ناو ماڵ بە جێ بگەیەنە.
    مناڵ و داواکاریەکانیان هۆکارێکی سەرەکیین بۆ سەرقاڵ بوون و دابڕان لە کارەکەت. هەوڵ بدە لەم بارودۆخەدا ئەگەر توانیت داوای هاوکاری بکەیت لە هاوسەرەکەت یان ئەندامێکی خێزانەکەت بۆ کەم کردنەوەی ئەو سەرقاڵییە. پاشان دەتوانیت لە جێگەیەکی ماڵەکەت دوور لە چاوی مناڵەکەت کارەکانت بکەیت، خۆ ئەگەر پەیڕەوی کۆمپانیاکەت لە کات و ساتی دەوام کردن نەرمونیان بوون دەتوانیت کارەکانت لە کاتی نوستنی جگەرگۆشەکەت بە ئەنجام بگەیەنیت و کارەکانت بە تەرکیزێکی باشترەوە ڕاپەرێنیت.

    سەرقاڵییەکی تر لە کاتی مانەوەت لە ماڵەوە ئامادەکاری خواردنە. زۆرمان لە کاتی چوون بۆ شوێنی کار لەوانەیە پێشوەختە خواردنێک ئامادە بکەین و لەگەڵ خۆمان بیبەین یان خواردنێکی ئاسایی بخۆین، دەتوانین لەم کاتەشدا هەمان رۆتین بەکار بهێنین لە پێناو سەرقاڵ نەبوون و کات بە فیڕۆ نەیان بە ئامادەکردنی ژەمێکی گەورە.

  5. پلان دانان و چاودێری کردن

    بەڕێوە بردنی تیم لەم بارودۆخەدا بە چاودێری کردن و سەرپەرشتی کردن و ئاراستە کردنیان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەستەم نییە. ئەگەر تیمێک بەرێوەدەبەیت و دەتەوێت بەدواداچوونی چالاکیەکانیان بکەیت لە ڕۆژەکەدا ئەوا پێویستە رۆژانە پەنجەمۆری ئامادەبوون بکەن وەک کاتی ئاسایی دەوام. دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی یەکێک لەو پلاتفۆرمانەوە بێت کە کۆمپانیا بەکاری دەهێنێت بۆ گفتووگۆ کردن و ئاڵوگۆڕ کردنی فایل و دۆکومێنت لە نێوان کارمەندەکاندا. نموونە وەک پلاتفۆرمەکانیTeams, WeChat, Slack, Workplace

    هەروەها جگە لەم پلاتفۆڕمانەش دەتوانیت بەردەوام چاودێری کارەکانی تیمەکەت بکەیت لە ڕێگەی کۆنفرانس کاڵ یان ڤیدیۆ لە پلاتفۆڕمەکانی وەک skype, Facetime, Whatsapp, یان Zoom و ئاگادار بیت لە کارامەیی تیمەکەت. بەکارهێنانی Planner یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ چاودێری کردنی لیستی کارەکانی تیمەکەت. دەتوانیت لەم رێگەیەوە بەردەوام ئاگادار بیت لە تەواو بوون و دواکەوتنی کارەکان.

لە بیرت بێت شێوازی کارکردنی کارمەندەکان جیاوازە.

بەرێوەبەرەکان دەبێت ئەوە لە بیر نەکەن هەموو کارمەندێک ڕانەهاتووە بە کارکردن لە ماڵەوە. ڕەنگە فشاری زۆریان بۆ بهێنێت. لە کاتێکدا لەم دۆخەدا کارکردن لە ماڵەوە بووەتە داواکارییەکی سەپێنەر. پێویستە لەسەر بەرێوبەرەکانیش بە پێی پێویست گفتوگۆبکەن لەگەڵ کارمەندەکان بۆ هاوکاری کردنیان لەم گۆڕانە. هەر بۆیە پێدانی زانیاری تەواو و ڕێنیشاندەری پێویست لە کاتی داواکاری ئیش و جێبەجێ کردنیان ئەم ئەرکە ئاسانتر دەکات و ئاستی کارامەیی کارمەند بەرزتر دەکاتەوە.
لە کۆتایدا کات و پێکهاتەی ڕۆژەکانمان کاریگەری کەسەکانی چواردەورمانی لەسەرە. لەم دۆخەدا بەهۆی تەنهایی و دوور کەوتنەوە لە بەرکەوتنی کەسەکان ئەو کاریگەریەش کەمتر دەبێتەوە. لێرەدا بە پلان داڕێژی بۆ ئەرکەکانی ڕۆژانەت باشترکارەکانت بەرێوەدەبەیت و سوود و دەرفەتی باشتر بۆ کارکردنت دەرەخسێنیت.

بەهیوای کارامەیی بۆ هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەکان لەم بارودۆخەدا.
هەمووان سەلامەت بن.

 

About Us And This Blog

We are a digital marketing company with a focus on helping our customers achieve great results across several key areas.

Request a free quote

We offer professional SEO services that help websites increase their organic search score drastically in order to compete for the highest rankings even when it comes to highly competitive keywords.